
شەرەفخان بەدلیسی یەکەم ڕوانینی کورد بۆ مێژووەکەی !
گەلانی سەردەست کاتێک مێژووی ژێردەستەکان دەنووسن بە باوەڕی کۆمەڵناسان حەق بە باڵای خۆیان دەپێون و حوکمەکان بە باڵای دەسەڵاتداران دەدروون، ژێردەستەکان وەک تاوانبار و یاخی دەناسرێن بەڵام ئەوە دیوێکی باسەکەیە و زۆر نەتەوەی ژێردەست فاکتەری ژێردەستەی خۆی و دەسەڵاتداری ئەوانیتره.
شەرفخان کوڕی شەمسەدین بەدلیسە لە دایک بووی ٢٥ی شوباتی ساڵی ١٥٤٣ لە ئێران. زیرەکی و نزیکی لە دەسەڵاتی شا تەهماسب و بوونی باوکی وەک دەسەڵاتدار چانسی چونەپێشەوەی پێدراوە و دواتر لە سەردەمی شا ئیسماعیلی سەفەویدا ناسناوی «میری میران»ـی له ساڵی ١٥٧٦ پێ دەبەخشرێت و دەبێت به سەرۆکی هۆزه کوردییەکان لە ئێران.
له جەنگی عوسمانییەکان و سەفەوییەکاندا له ساڵی ١٥٧٨ دەچیته پاڵ عوسمانییەکان و دەبێت به بەشێک له لەشکری عوسمانی. پەیوەندی کردنیان به عوسمانییەکان به پێی ڕێککەوتنێک بوو که شەرەفخان بکەن به حوکمرانی ناوچهی بەدلیس. ساڵی ١٥٨٩ سوڵتان موراد ناسناوی «خان»ـی پێ دەبخشێت و ڕەسمی دەبێت به میری ویلایەتی بەدلیس، شەرفخان دوای ئەوەی شوێن دەسەڵاتی خۆی دەکاتەوە و جێ پێی دەسەڵاتەکەی بەهێز دەکات، ساڵی ١٥٩٠ دەسەڵات ڕادەستی کوڕەکەی دەکات و یەکەم هەوڵی خۆی لە بواری نووسیندا دەخاته گەڕ و دەست دەکات به نووسینەوەی مێژووی ماڵه میرانی کورد و دەسەڵاتدارانی کورد، ئەو بەرهەمهی شەرەفخان له پاڵ نووسینەوەی مێژوو وەک سەرچاوەیەک دادەنرێ که زۆر ناوچه کوردستانین بەڵام له ئێستادا جیاواز مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێ، ماوەی نووسینی ئەم بەرهەمه ساڵی ١٥٩١ بۆ ١٥٩٢ی خایاندووە بەڵام پوختەی نووسینەکە لە دوای ساڵی ١٥٩٧ کۆتایی هات. شەرەفخان به نووسینی شەرفنامه توانی ببێت به یەکەم قەڵەمی کورد که مێژووی خۆی بنووسێتەوە، چونکه پێشتر کوردەکان لەلایەن گەلان و نووسەرانیتر مێژووەکەتان دەنووسراوە.
وەرگێڕانی شەرەفنامه
شەرفنامه خۆی به زمانی فارسی نووسراوە بەڵام ساڵی ١٦٤٥ حەسەن بەگی یەزدی جارێکیتر به زمانی فارسی ئەینووسێتەوە واته نوێی کردۆتەوە و کاری ڕاستنووسی بۆ کردۆتەوە. ساڵی ١٦٦٨ بۆ زمانی تورکی وەرگێڕدراوە، ٢٠ساڵ دواتر دووبار به تورکی چاپ کراوەتەوە، ساڵی ١٨٦٠ لەلایەن زانای ڕووسی «زێرنۆڤ» بەرگی یەکەمی شەرفنامەی بۆ زمانی فەڕەنسی وەرگێڕاوه و دواتریش له ساڵی ١٨٦٨ تا ١٨٧٥ ف.ب شارمو دووبار کتێبەکەی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فەڕەنسی، له نیوەی دووەمی سەدەی ١٩هەمدا شەرفنامه لەسەر دەستی گ.ا.بارب له ساڵی ١٩٦٧ لەسەر دەستی خاتوو ڤاسیلێڤا شەرفنامه وەرگێڕدراوەته سەر زمانی ڕووسی، ساڵی ١٩٥٣ و ١٩٥٨ دوو جار شەرفنامه بە زمانی عەرەبی بڵاو کراوەتەوە بەڵام بەداخەوە لە پاش هەر هەموویان ئەم کتێبه هاتەوە بەردەستی خاوەنه ڕاستەقینەکەی خۆی و ساڵی ١٩٧٢ هەژار موکریانی کردوویەتی به کوردی(سۆرانی).
هەژار بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبه، گەلێک دڕدۆنگ و ڕاڕا بووە، پێی وابوو ناتوانێت کارێکی گەورەی لەو صەشنە بکاتەوە به کوردی بەڵام لەبەر ئەوەی ئاگای لەو شەرمەزارییە بوو که ناکرێت کتێبێک هی کورد بێت و جیهان خوێندبێتەوە کەچی کورد خۆی نەیدیوە !
هەژار موکریانی شان دەداته بە قورسایی ئەرکەکە و دەست پێ دەکات، بۆ دڵنیا بوونەوەش دەستنووسی کارەکه بۆ دەیان هاوڕێی نووسەر و شاعیر و زمانزانی ئەوکاتی خۆی دەنێرێت، یەکێک لەو کەسانه د.کەمال مەزهەرە که لەسەر کتێبەکە وەک شاهیدێک نووسیویەتی لەسەر داوای هەژار خۆی گەلێک لە دەستنووسی شەرفنامه که کردوویەتی بە کوردی لەگەڵ چاپی ڕووسی و عەرەبی ئەم کتێبەدا بەراورم کرد، لە ئەنجامدا دەرکەوت که تەرجەمەکە زۆر ڕێک و پێک و ئەمینه و له هیچ شوێنکدا جیاوازیم بەرچاو نەکەوت.
هەژار موکریانی پێشەکییەکی ورد و پوخت بۆ ئەم کتێبه دەنووسێت و دەڵی : نەتەوەیەکی بێ دەسەڵات و ژێردەسته مێژووەکەی زۆر بە کەمی بەدەستی خۆی نووسراوەتەوە، هەرچی هەیە بە دەستی نەیارانی نووسراوەتەوە، دواتر هەژار بەسەرهاتێک پەیوەست به سەعدی شیرازی دەگێڕیتەوە که ئاخۆ نەیار شت بنووسێتەوە چۆن قوربانی به ڕاستییەکان دەدات و زۆر شتی بۆ تێدەچێنێت. هەژار دەڵێت : کابرایەک لەخەودا شەیتان زۆر به جوانی دەبینێت و لێی دەپرسێت و تۆ لە زۆر شوێن به تاکچاو و ناشرین و خاوەن کلک ناسراوی ئێستا ئەو شۆخ و شەنگی و جوانییەت لە کوێ هێناوە ؟ شەیتان دەڵێت : من فریشتەم و فریشتەکانیش هەموو جوانن بەڵام بنووسەکە لە دەست دوژمندایە و هەر چاکه ئەوەندەشیان پێوە هێشتووم. د.فەرهاد پیرباڵ لەسەر ئەم پەرتووکه دەڵێت مێژوو له دیدێکی کوردییەوە تەماشا کراوە و نووسراوەتەوە، ئەم پەرتووکه توانیوەیەتی گەلێک زانیاری له بواری ئەتنۆگرافی و ژیانی کۆمەڵایەتی و جوگرافی و ژیانی سیاسی و دەسەڵاتی کورد تۆمار بکات.
ناوەرۆک
ناوەرۆکی کتێبەکە باس لە دەسەڵاتی خێزان و هۆزه بەناوبانگەکانی کورد دەکات و دواتر باس له سنووری دەسەڵاتیان لە ناوچه کوردییەکاندا دەکات و پاشان به وردی لەسەر دەسەڵاتی حەسنەوی و ئەییووبییەکان دەدوێت، باسی سەرجەم ئەو دەسەڵاتدارانه دەکات که پارەیان داوە تاکوو ناویان لە وتارەکاندا بخوێندرێتەوە و هەروەها به وردی لەسەر دەسەڵاتی بەدلیس دەدوێ و دواتر لەسەر دەسەڵاتی ئێرانی و عوسمانی. ئەوەی جێگەی ئاماژەیە بەڕای توێژەران ئەوەی سەیری کتێبەکەی کردبێت و بە وردی خوێندبییەتییەوە تێدەگات میر وەک یەک بلۆک سەیری کوردەکانی کردووە چونکه بە لوڕەکان دەستپێدەکات و لوڕستان وەک ناوچەیەکی کوردی دەناسێنێت، باسی میرەکانی دەکات و ڕەخنەیەک کە ئاراستەی میر دەکەن ئەوەیە که ستایشی بۆ سوڵتانی عوسمانی دەکات له نووسینەکاندا پەیوەستە بەو فلتەرەی ئەوکاتە که هەر نووسەرێک دەبووایه بەو فلتەرەی سوڵتاندا ڕەت ببێت.