سەرنامه بە ناوی تۆ خودایە
چی بێ ئەمە، پیت و پێزی نایە
سەردێڕی پەڕی ئەوینپەرستان
جێ ناز و نیازی خۆشەویستان
بەرکۆڵێک لە لایەن وەرگێڕەوە
لە مەڵبەندی سولەیماندا باوە دەڵێن «موکریانی نانی بە نانی دەخۆن»، نیازیشیان ئەمەیە نان دەکوشنه شۆرباوه و بە نان دەیخۆن. بەڵام من بەمەوشەوە نەوەستاوم و چووم کوردیم وەرگێڕاوەتە سەر کوردی! جا بزانین چۆن و لەبەر چی؟
منداڵ بووم لە تەمەنی سێزدە و چاردەدا، فارسیم دەزانی و تازەش گڕوگاڵی کوردی خوێندنەوەم کەوتبووە سەر. لەو ڕۆژگارەشدا لە مەڵبەندی ئێمە نووسین و خوێندن بە زمانی کوردی، بەرانبەر بە یاسای داگیرکەران زۆر بە گوناهێکی گەورە دەژمێردرا. بەڵام خوێنگەرمی و منداڵی، زۆر بیر لەو وردەوردانە ناکاتەوە. هاوڕێیەکم هەبوو، تۆزێک بە تەمەن لە من زلتر و بیر و ژیری، زۆر لە من باوخۆشتر بوو، دەمانتوانی تاق و واز لێر و لەوێ نووسراوەی بە کوردی پەیدا کەین و خۆ بوکتینە ناو باخان و دەری شار و زمانمان بە خوێندنەوەیان ڕابێنین.
یەکەم نووسراوێکی زۆرم لێ خۆش هات، کۆمەڵە هەڵبەستەکەی حاجی قادر بوو، کە دەتوانم بڵێم چاوی نیشتمان پەرەستیم بەو پشکووت. حاجی هەموو شت بوو لەبەر چاوم، داهێنەری کوردایەتی، یەکەم پزیشکێ کە باش دەردی کۆمەڵی ناسیوە و ڕێگەی چارەی نیشان داوە؛ تەنیا هونەرمەندێک کە دەستی لە کلکی نووسەرەکانی بەرێ بەرداوە و باری بەندوباوی لە پێهەڵگوتنی ئاغا و پیرانەوە خستۆتە سەر ڕچەی گەلخۆشەویستی و نیشتماندۆستی و هوروژم بردن بۆ سەر خوێنمژان. تا ڕۆژێک گەیشتینە ئەم هەڵبەستەی کە دەڵێ:
تەنها ئەمە وەها نین دیباچەکەی مەم و زین
پـێتـان دەڵـێ چـلـۆنن ئـاکـاری پیـاوی چـازان
هەیاران! لە پێش حاجیشدا یەکێکی دیکە بووە کە گەلی کوردی بانگ هێشتۆتە سەر خوانی گەلپەرەستی و دنەی داون بۆ ژیانی سەربەخۆبوون و سەربڵندی و حاجییەکەی ئێمەش یەکێکە لە شاگردە ئەمەکناسەکانی ئەو. کەوتینە پێشوێنی مەم و زین. بە خوا دیتم وا ڕۆژێک هاوڕێکەم بە گەشکەیەکەوە پیلی کێشام بۆ دەرێ شار و مەم و زینێکی لە ژێڕ بەرۆکی دەرخست و دەستمان کرد بە دیباچە خوێندنەوە. بەڵام چت لێ پشارمەوە؛ هەر هێندە بوو بە ڕاوێژ تێگەیشتن نیازی چ بووە، ئەویش چونکە فارسییەکانمان دەزانی. لەوی بەولاوە هەرچی بە دەوریا هاتین و چووین، چمان بۆ بە چ نەکرا و هەر تەقەمان لە سەرەوە دەهات.
ڕۆژگار سووڕا و کەوتینە دەربەدەری و کۆڵانگەڕی. لە ساڵی ١٩٥٣دا کە لە بوخارێست گەڕامەوە و پازدە ڕۆژ لە جزیرە مامەوە، مەم و زینێکم دەست کەوت، ئەمجارە عەرەبیشم دەزانی؛ کە خوێندمەوە، بەشی زۆر زۆرتری تێگەیشتم. تا لە ساڵی ١٩٥٦دا کە کەوتمە کوردستانی داگیرکراوی سوریا و بە باشی زاراوەی کرمانجی فێر بووم، توانیم هەمووی ساغ کەمەوە. تازه بۆم دەرکەوت کە خانی کێیە و چیی گوتووە و پلەی هونەروەریی تا کوێ باڵا چووە.
مەم و زینی خانی گرینگییەکەی نە لەوەدایە کە چیرۆکێکی ئەویندارییه و هۆنراوەتەوە، چونکە چیرۆکەکە بەر لە خانیش بە سەتان ساڵ هر هەبووە؛ پایەبەرزیی خانی نە تەنها هەر لەوەدایە کە پێش هەموو کوردێک هەستی بە دەردی کۆمەڵ کردووە و نیشتمانپەرستیی هێناوەتە ڕوو. بە بیری من شتی زۆر گرینگ لەو وردەکاری و نووسلووسی و بوێژییەیدایە کە شانی لە شانی نیزامی گەنجەوی و ئاوڕەحمانی جامی داوە، تەنانەت دەتوانم بڵێم بە جێشی هێشتون. هەر نووسەرێک لە نووسەرە بەناوبانگەکان کە لێیان ورد دەبیەوە، هەر لە مەیدانێک و دوواندا توانیویانە خۆ بنوێنن، بۆ نموونە: فیردوسی لە جەنگنامه و سەعدی لە ئامۆژگاری و حافز لە پەسندی دڵداری چارەڕەش و بادەدا و نیزامی لە پەسندی جوانی و خەمباریدا سەرکەوتوون، بەڵام خانی بە تەنیا هەموو شتێک بووه. خانی لە باسی خواناسی و پەسندی پێغەمبەر و پاڕانەوە و وردەکاریی دەروێشاندا دەستی لە هەموو کەس ئەستاندووە.لە پەسندی جوانیی کچ و سروشتی خواکرد و ڕازاندنەوەی کۆڕی بەزم و ئاهەنگدا کێ دەتوانێ لەبەری بکۆخێ!؟ لە ڕاو و شکار و گەرمکردنی مەیدانداریدا تاقەسوار هەر خۆیەتی. لە پەند و ئامۆژگاری، لە دەردی دڵ و لاواندنەوە، لە پێک گەیشتن و لێکبڕانی دڵداراندا دەستی هەموو بوێژێکی لە تەختە بەستووە. «هەرچی جوانان هەموو لایانه، بە تەنیا لاتە».
با بگەڕێینەوە سەر نیشتمانپەرستییەکەی
وەرە لەگەڵما بچینەوە سەدەی یازدەهەمی ئاوارەیی، دەبێتە چەرخی حەڤدەهەمی خاچپەرستان و لەوێوە سەیرێکی گەڕی گەردوون بکەین بزانین باوی گەلپەرستی و نیشتمانخۆشەویستی گەیبووە چ ڕادەیەک؟
بەڵێ، ئەو بیرە لە ناو ڕۆژئاواییەکاندا تاکوتەرا پەیدا بووبوو، بەڵم خۆ لە ڕۆژهەڵاتی ئێمەدا دەتوانم بڵێم لە هەموو ئاسیاشدا کەس بۆنی نەکردبوو، خۆ بەتایبەتی لەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەدا تا پەنجا ساڵیش لەمەوبەر سەرونی بەندوباو و نوێژ و ڕۆژوومان هەر بە بەژن و باڵای پاتشای موسوڵمانان هەڵدەگوت، کە نیازیشمان سوڵتانەکانی عوسمانی بوو. فارسەکان لە شەخسێ و وەخسێ و جەنگی هەمەر و وەتمانی هەزار ساڵ لەمەوبەر، هیچیان بە بیر نەدەهات. حارەبەکان هەر خەریکی تاڵان و بڕۆ و کۆچ و کۆچبار و مەڕ و وشتر لەوەڕاندن بوون. تورکیش بە ناوی ئایینەوە دەمیان تێنابووین و بە پیتاکی هەژاری موسڵمان، کچ و لووسکە و بادەی کۆن و خۆراکی تازەیان لە پێش خۆیان ڕیز دەکرد.
لە کوردستانێکی پڕ لە خان و ئاغا و میر و بەگ و چەکمەڕەق، لە کوردەوارییەکی کە بە هەزاران پیر و مەلا و بوێژی وای تێدا بووە کە هەر یەکی خۆی بە نۆ مانگای زاو نەگۆڕیوەتەوە، هەرگیز هەستیان بە هۆرەی تورکان نەدەکرد. کەچی لەو ناوەدا مەلایەک لە قوژبنی مزگەوتێکا لە شاری بایەزید کە بیرێک لە خۆی دەکاتەوە: هەیاران! من خۆم دەزانم لە نیزامی و جەلالەدینی ڕۆمی کەمتر نیم و چەپێکم دەبەر فیردەوسی و سەعدیدا نییە، بۆ کەس لە من ناپرسێ؟ بۆ ناوێرم لای کەس بڵێم منیش شتێکم؟ پێم دەڵێن کوردی و کورتی. بەڵێ کورتم، بەڵام بۆیە کورتم چونکە گەلەکەم دەستی کورتە، چونکە هیچ پەنا و پەسیوێکمان نییە، چونکە کەسمان نییە نرخی هونەر و کردەوەمان بدا. ئەگەر باوەڕیش ناکەن ئەوا من مەم و زینێک دەهۆنمەوە کە هەزاری وەک لەیل و مەجروون و شانامه و مانامه بە تۆزیشی ڕاناگەن. با هەموو کەس تێبگەن کە:
کورد هێنده نە گێل و گێژ و کاسن
داخم ئەوە بێکەسن، کەساسن
ژیر و بەدڵن، گەلێک دەزانن
بێ خێوییە بێ سەر و زمانن
بۆ مەش کە هەبایە خێو و سەردار
بەخشندە و ژیر و زیت و وشیار
ژیری و هونەری بە دڵ کڕیبا
ژەنگی لە دڵی هەژار سڕیبا
من ئێستە لە کۆڕی وێژەوانان
ئاڵام دەشەکا لە عاسمانان
خانی سێسەد ساڵ لەمەوبەر بیری ئازادبوونی خستۆتە بیرمانەوە. خانی داهێنەری نیشتمانپەرەستییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. خانی کەسێکە کە بە کوردی شتێکی وا بەنرخ و گەورەی بۆ بەجێ هێشتووین کە بە زۆر شانازییەوە خۆی پێوە ڕانێین و بە سەربەرزی بڵێین: ئێمە خانیمان هەیە و گەلێکی خانیی بێ، هەرگیز نامرێ. ئەوەی کە منی هێنایە سەر بیری وەرگێڕانی مەم و زینی خانی، ئەوە بوو: وەک گوتمان مەم و زینی خانی پڕیەتی لە عارەبیی ڕەق و فارسیی گران، ئەمەش نابێ لە خانی بگرین، چونکە ئەودەمەی ئەو پێی ژیاوە ئاوا باو بووە. هونەرمەندیی هەرکەس بەوەدا دەرکەوتووە کە زۆر وشەی ڕەقی عارەبی و فارسی دەکار بێنێ. جا بۆ ئەودەمەش بە پێی ئەم ڕێوشوێنە خانی دادی هونەروەریی داوە.
من هەموو کەس بۆم بڵێ، هەر پێموایە و لێشم ڕوونە کە گەلی کورد درەنگ یان زوو ڕزگار هەر دەبێ و وەک گەلانی خوداپێداوی دیکە بۆخۆی ڕێوشوێنی ژیانی خۆی ڕێک دەخا و ناچار نابێ وەک ئێستا تەنیا گەلێک و بە چەند زمان بخوێنێ و زمانی خۆشی لێ بەربەست کرابێ. جا ئەو ڕۆژەی کە من لەبەرچاومە، کوڕی کورد هەموو شتێک بە زمانی خۆی دەخوێنێ و ئەگەر زمانی بێگانەش فێر بێ، دیارە هیچ یەک لەو زمانانەی ئێستا خەریکیانە بە کەڵکی نایە و هەر بیریشیان لێ ناکاتەوە. ئەو ڕۆژە کوردێکی وات دەستناکەوێ کە لە مەم و زینە کۆنەکەی خانی بگات، چونکە هەرکەس عارەبی و فارسی و زاراوەی کرمانجی، زۆر باش نەزانێ و تۆزێکیش لە تورکی سەری دەرنەچێ و زۆریش لە وشەی سەیر و سەمەرەی دەروێشانە ئاگادار نەبێ، مەم و زینی خانیی بێ گرێوگۆڵ بۆ ساغ نابێتەوە. جا هەموو ڕۆژ لە کوێ یەکێکی وەک خۆم پەیدا کەین کە لە سایەی دەربەدەری و کوێرەوەری و شەڕەشەقی جیهانەوە و چەرمەسەرەی ژیانەوە بە ناچاری فێری ئەو هەموو وردەکارییانە بکرێ! لەبەر ئەوە هەلم بە دەرفەت زانی و لە زستانی ساڵی ١٩٥٨دا لە جزیرە (لە کوردستانی داگیرکراوی سووریە) مەم و زینی خانیم وەرگێڕایە سەر موکوریانی، یان بێژین سۆرانی.
بیخوێننەوە، ئەگەر پێتان باش بوو ئەوا ئافەریم بۆ خانی بنێرن. ئەگەر وەبەر دڵیشتان نەکەوت، ئەوا تاوانی من بگرن. بەڵام منیش بۆ پینە و پەڕۆی هەڵە و چەوتییەکانم دەستەوداوێنی بوێژە کوردەکان دەبم و فەرمایشتەکەی خانی دووپاتە دەکەمەوە:
لێم وەربگرن بە سینەی ڕوون
لێمی نەگرن، چ خۆشە خۆشبوون
بۆم پینە بکەن هەڵەی زمانم
با بێننەوە بیر منیش لەوانم
هەژار، بەغدا
١٥ / ١ / ١٩٦٠