
ڕانانێک لەسەر ڕۆمانی «نەفرەتی نەوبەهاران»، بە قەڵەمی بەختیار عەلی کۆمەڵگای عەشیرەتی، ژن، ئایین، بەرکەوتنی سوننەت و مۆدێڕنیته، خەبات، حکوومەت، نامووس، حەز، عوقدە، تۆڵە و… لە مژارەکانی سەرەکیی ئەم ڕۆمانەن! کامیل ئاغا بەهۆی عەشقی بێئەندازەی گێلاسەوە و ترس لە مردن و نەمانی هاوسەرەکەیەوە، وەک یادگاری و یادەوەرییەک، چەند وێنەیەکی گێلاس بە ڕووتی دەگرێت و لەشوێنێکی نهێنی لە ماڵەکەیدا دەیپارێزێت. جەنگ دێتەپێشەوە لەنێوان شۆڕشگێڕانی کورد و دەوڵەتدا، بەهۆی بردنی وێنە ڕووتەکانی گێلاسەوە، هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەکان لە کامیل ئاغا دەکرێت و دەکرێت بە جاش. کامیل ئاغا بڵاوبوونەوەی وێنەکان بە شکانی شکۆ و شەڕەفی خێڵەکەی دەزانێت! دواتر لە جەنگدا دەکوژرێت! وێنەکان ڕۆژ دوای ڕۆژ کۆپی دەکرێن و لای ئاغا و فیوداڵ و خانەکانی نزیک لە دەوڵەتدا هەڵدەگیرێن و ئەمجارە دەکرێن بەسەرچاوی هەڕەشە لەدژی براکانی گێلاسدا.
هێوربوونەوەی دەروون شتێک نییە پابەندی فەرمانی عەقڵ بێت، دەروون کەمجار دەچێتە ژێر ڕکێفی عەقڵەوە.
كاتێک دانەری ئەم چیرۆكە جەستەی ڕووتی گێلاس لە وێنەیەكدا بە ناو مێژووی پەنجا ساڵەی كورددا دەهێنێت، تەنیا باسی ڕووتیی جەستەی ژنێكمان بۆ ناكات، تەنیا جەستەیەكی فیزیكی نییە لە گۆشت و خوێن كە دوای مردن نامێنێت، بەڵكوو جەستەیەكی ڕەمزییە و كۆی مێژووی ئێمەی پێ دەخوێنێتەوە. دانەر دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو جەستە ڕەمزییەوە ئاشنای جەستەی ئایین، خێڵ و نەتەوەمان بكات، هەر لە درێژەی چیرۆكەكەدا هەوڵی تێپەڕاندنی ئەو جەستە جێگیر و موقەدەسكراوانە دەدات و بانگەشەی ڕۆحێكی ئازاد و گەڕانەوەمان دەكات بۆ جیهانێک كە ئازادی تێیدا بەرهەم دێت. شایەنی باسە کە ڕۆمانی «نەفرەتی نەوبەهاران»، دواهەمین ڕۆمانی بەختیار عەلی-ییە و جیاوازتر لە ڕۆمانەکانیتری دەرکەوتووە و لە توێی 262 لاپەڕەدا، کەمتر ڕۆچووەتە نێو خەیاڵ و فانتێزیا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لەو خەیاڵ و فانتزیایەدا بەدەر نییە.