- کتێب : نەفرەتی نەوبەهاران
- نووسەر : بەختیار عەلی
ئاغا چووە ئەو ژوورەی ساڵانێک لەمەوبەر وێنەکانی تێدا دەشتەوە، بێئەوەی بزانێت چی دەکات لە تاریکییەکەدا دانیشت، نزیک ڕۆژێکی تەواو لەوێدا مایەوە، ئێستا ژوورەکە بووبوو بە جێگای یادەوەرییە تاریکەکان، لەبری وێنەی تیابشواتەوە کردبوویە جێگای خۆحەشاردان و لە دونیا هەڵهاتن. ژنەکەی دووجار سەردانی کرد و تێنەگەیشت بۆ مێردەکەی چۆتە خەڵوەتەوە، چی قەوماوە وا دیسانەوە کەناری گرتووە و غەمگین و کەمدوو لەم ژوورە سارد و تاریکە نایەتە دەرێ. کامیل ئاغا جگە لەوەی بە ژنەکەی بڵێت دەیەوێت کەمێک تەنیا بێت و بیر لە پێشنیارێکی خانی زەرد بکاتەوە، هیچی دیکەی نەدرکاند. ئەو شەو و ڕۆژە بێئەوەی بخەوێت دەیویست چارەیەک بدۆزێتەوە، بەڵام بیری لە هەر چارەیەک دەکردەوە لە کۆتاییدا دەهاتەوە سەر ڕێیەکی بێبوار. هەتا ئەگەر خانی زەردیش بکوژێت سوودی نییە، ڕەنگە وێنەکە بکەوێتە دەستێکی خراپتر. «ماسییەکی گێلم و قولاپێـک لـە لێـوم گیربووە، جگە لەوەی دوای قولاپەکە بکەوم ڕێگای ترم لـە بەردەمدا نییە» وای بە خۆی گووت. «من تا دەمرم کۆیلەی ئەو کەسە دەبم وێنەکەی دەکەوێتە لا، تا دەمرم ژیان و مردنم لە دەستی ئەوانەدا دەبێت وێنەکەیان دەکەوێتە دەست… وای خوای گەورە، وێنەیەک با بیبات بە دەستی کورتی من ناگیرێتەوە. تازە ناموس و عیزەتم کەوتۆتە ژێردەستی بێشەرەفان، بەڵام هەرچییەک بێت دەبێت هەوڵی خۆم بدەم. ناموسی خۆمم لە ناموسی نیشتمان لا گرنگترە، شەرەفی هاوسەرەکەمم لە شەرەفی ئەم میللەتە بێڕەحمە لا بەنرخترە».
هنوز بررسیای ثبت نشده است.