- کتێب : دەستەسڕەکەی ئۆتێلۆ
- نووسەر : بەختیار عەلی
مرۆڤ کتێبێکی سادە نییە بکرێت هەموو بە یەک جۆر تێیبگەین، زۆربەی خەڵک بۆ تێگەیشتن له مرۆڤ پەنا دەبەنە بەر خوێندنەوەی دیوە واقعی و دیاردە فیزیکییەکانی بوونی ئەو کەسە، چی کردوە، چی خوێندوە، چی هەیە، لە کێ دەچێت، بەڵام بۆ تێگەیشتن له مرۆڤ هەمیشە پێویستیمان بە مەلەوانێکی دیکەش هەیە، چونکە ئەم مرۆڤە لە بێشومار ئەگەری شاردراوە دروستبووە، لە خەیاڵاتی نادیار، لە گینگڵ و دڕدۆنگی نەبینراو، لە توێژی تەنک یان ئەستوور لە هەست کە هەرگیز دەرناکەون، لە گرێ کە لە هۆشی دراون، لە زنجیرگەلی نەبینراو کە کراونەتە دەست و پێی خواستەکانی، ئەم دیوانەی مرۆڤ مەحاڵە بەو چاوە ببینرێت کە تەنیا واقع دەبینێت. وەک چۆن پارەیەک لە خەودا بیبەیتەوە تەنیا لە خەودا دەتوانێت سەرفیبکەیت، ڕەهەندە ناواقعییەکانی مرۆڤیش تەنیا بە کەرەستەی ناواقعی دەخوێنرێنەوە. واتە بۆئەوەی دیوە نادیارەکەی مرۆڤ ببینیت، پێویستیت بە کەرەستەی بینینی شتە نادیارەکان هەیە، ئەو کەرەستەیەش ناوی خەیاڵە، خەیاڵ بە هەموو چەشنەکانییەوە، لە خەیاڵی سادە و پڕ هەڵە و پڕ کێشەی مرۆڤە سادەکانەوە بیگرە تا خەیاڵی بەرزی ئەدەبی کە نادیار دەپشکنێت، تا خەیاڵی زانستی کە ئاسۆی دوور دەکاتەوە. عەقڵی گەورە و خەیاڵی گەورە تەنیا هاوتا بە یەک و شان بە شانی یەک و پێکەوە هەن، نە لە یەک دەترازێن و نە بێ یەک بوونیان هەیە.
هنوز بررسیای ثبت نشده است.