- کتێب : شاری مۆسیقاره سپییهكان
- نووسەر : بەخیتار عەلی
هەموو ئەوانەی لە سوپادا كاردەكەن دڕندەیەكی نەخۆش لە ناویاندایە، لای من گرنگ نییە تۆ لە چ سوپایەكدا كاردەكەیت، لە سوپای وڵات و دەڤەری مندایت یاخود لەگەڵ دوژمندایت، هەموو ئەفسەر و دەرەجەدارەكانی دونیا لای من دڕندەن، حەزیان بۆ كوشتن لە هەرشتێ گەورەترە، حەزیان لە دەسەڵات و لێخوڕینی ئەوانی دی لەهەموو حەزێكی دی فراوانترە، هەتا ویقاریان لە ویقاری گورگێك دەچێت بەرلەوەی دەمبخاتە خوێنی نێچیرەكەیەوە. دالیا دەیزانی وەك كوردێك من بڕوام بە هیچ كەسێك نییە جلی سەربازی لەبەردابێت، دەیبینی چۆن خۆمیان لێدەپارێزم، چۆن لە پرتەقاڵی سپی بێدەنگ سڵاوێكیان لێدەكەم و مل شۆڕدەكەم و بەلایاندا دزەدەكەم. دزێوترین كاراكتەرێك لەسەر ئەم ئەستێرەیە كاراكتەری ئەوانەیە كە جلی سوپایان لە بەردایە، لای من هەموو لەشكرەكانی دونیا لەشكری شەیتانن، خودا ڕۆژێك لە ڕۆژان سوپای نەبووە، ئەگەر خودایەك هەبێت ئەوا هەرگیز پێویستی بە سوپا نییە. خودا شاعیرانی هەبووە، خۆفیداكارانی هەبووە، پێغەمبەرانی تاك و تەنهای هەبووە كە چوونەتە ناو ئاگر و سەر خاچ، بەڵام ڕۆژێك لە ڕۆژان پێویستی بە سوپا و جەنگاوەر نەبووە، پێویستی بە ئەفسەر و دەرەجەدار نەبووە.
هنوز بررسیای ثبت نشده است.