پاش بڕانەوەی شەڕی یەکەمی جیهانی، پاش ئەو هەموو کوشتار و تاڵان و برۆیە، پاش ئەو هەموو قاتوقڕە و پاش ئەو هەموو کوێرەوەری و دەرد و داخە کە لە هەموو لایەک تووشی نەتەوەکەمان هات، هێشتا فۆلکلۆری ئەدەبی کوردی لە کوردستان برەوی هەر مابوو و نرخی بۆ دادەنرا. وبیرم دێ ئەو سەردەمە کە من منداڵێکی سەر بە کوچکە و دیوەخانیش بووم و هێشتا شوێنەواری شەڕ و گرانی و هەژاری و نەداری لە وڵاتەکەمان هەر مابوو، لە ناوچەی موکریان هەر ئاغایەک دانگە مڵکێک، کۆنەدیوەخانێک، قوڵە بارگینێک، کەچە زینێک، پیرە تاژێیکی هەبایە، خۆشخوانێکی ڕادەگرت کە شەوانە لە دیوەخان بەیت و باوی بۆ بڵێ؛ لە وەختی نووستندا حیکایەتی بۆ بکا؛ لە شاییدا داوەت و ڕەشبەڵەکی بۆ بگێڕی؛ لە سەنگەردا تانووتی لێبدا. لە ڕاودا لەسەر تەماڵ پایزە و ئازیزەی بۆ بڵێ؛ فڕان باوێتە دوژمنی و بەندان بە دۆستی هەڵبڵێ و تەنانەت لە پاش مردنی شینی بۆ بگێڕێ. تا ئاغا دەستڕۆیوتر، تا دێ ئاودانتر و گەورەتر، تا دیوەخان بە بێنە بێنەتر، تا ئەسپ ڕەسەنتر، تا زین و لغاو و ڕەخت و ڕیشمە پەرداختر، تا تاژی چێتر و دەم گەرمتر بان خۆشخوانیش وەستاتر و شارەزاتر، نێر و پڕتر و کۆک و پۆشتەتر دەبوو.
دیارە خۆشخوان وەک هونەرمەندێک چاوی لێ نەدەکرا و ڕێزی لێ نەدەگیرا، بەڵام کوێخا و گزیر و سەرکار و پاکار و بابنۆکەر و غوڵام و چاپەز و بەردەست، ماقوڵتر بوو. هەقی بوو لە دیوەخان لەسەر چۆک دابنیشێ. خەنجەر بچەقێنێ و ئانیشکی وێبدا و جا گوتن بڵێ. خۆشخوان لە حوزووری ئاغا نانی دەخوارد و دەگەڵ مام میرزا لەسەر یەک سینی دادەنیشت و بەرماوخۆر نەبوو.
خۆشخوان بە کوڕی ماڵێ حیساب بوو. دەیتوانی بچێتە ئەندەروون؛ لە ژووری نوستندا حیکایەت بۆ ئاغا بڵێ تا خەو دەیباتەوە. خۆشخوان تەنانەت بەیت و باوی بۆ ئاغاژن و خێزانی ئاغا دەگوت. چونکە خۆشخوانەکان زۆربەیان دڵتەر و قسەخۆش و دڵپاک بوون، خەڵک خۆشیان دەویستن.
خۆشخوان لە دێدا هەر ناحەزێکی هەبوو ئەویش مەلای گوند بوو. کەم وابوو دانوویان پێکەوێ بکۆڵێ مەلا وشکەکان خۆشخوانە دڵتەڕەکانیان خۆش نەدەویست ناویان نابوون چاوەش بە چاوی سووک چاویان لێدەکردن، تا مەلا تەشریفی لە دیوەخان بایە خۆشخوان دەبوو قڕوقاپ دانیشێ ومتقێ نەکا. خۆشخوانەکان لەبەر مامۆستایان دانەدەنواند و ئەوانیش بە چەکی خۆیان، بە چەکی زمان، بە چەکی شێعر-بە گژیاندا دەچوونەوە و فڕیان پێ دادەدان و بەیت و باڵۆرەیان بۆ ڕێک دەخستن و لاسایان دەکردنەوە.
دیارە مەلای وەک خانی و حاجی قادرمان بوون کە نرخی سامانی نەتەوایەتیی کوردیان زانیوە و ڕێزیان لە شایەر و خۆشخوانەکان گرتووە؛ بەڵام، بە گوڵێکی بەهار نایە؛ ئەگەر مەلا و فەقێیەکانی زوومان نرخی هونەریان زانیبا و لەباتی سوڵتان و جۆمجومە و ئیسماعیلنامە، هەر یەکی بەیتێک، لاوکێک، حەیرانێک و گەلۆیەکیان نوسیباوە ئێستا کار لە جێیەکی دیکە دەبوو و سامانی نەتەوایەتیمان دەگەیشتە پلەیەکیتر و فەرهەنگێکی دەوڵەمەندتر و گەورەترمان پێکەوە دەنا.
لە مزگەوتی گوندیش شەوانی زستان پاش نوێزی خەوتنان، ئەو شایەرانەی کە هەر بۆ دڵی خۆیان دەیانگوت و خۆشخوانی ئاغایان لە کن کەمایەسی بوو یا ئەو شاگردە لاوانەی ڕووی مەجلیسیان نەبوو، بۆ کوڕ و کاڵان و بۆ پیرانی دڵتەڕ دەیانگوت تا شەو ڕادەکشا و خەو لابەلای دەکردن. ئەوانە پاداشیان تەنیا ڕەحمەت لە دایک و بابت و دەمخۆش بوو. بلوێرئەنگێو و نایەژەنی واش هەبوون کە ئاهەنگی ڕەسەنی ئەو بەیت و بندوباوانەیان دەزانی بۆیان دەگێڕانەوە. لە شارەکانیش شەوانە خەڵک لە قاوەخانە کۆ دەبوونەوە و تا شەو درەنگ دەبوو، بەیتبێژ و حیکایەتخوان دەیخافڵاندن. قاوەچی ئەو هونەرمەندانەی بە کرێ دەگرت بۆ ئەوەی قاوەخانەکەی ڕمێن پەیدا بکا.
شایەری گەڕۆکیش هەبوون کە بەهار و هاویین و بەشێکی پایز، خەریکی کار و کاسبی و جووت و گا بوون. کە شەو درێژ دەبوون و کاری مەزرایە کەم دەبوو، وێدەکەوتن و بە ماڵە ئاغایاندا دەگەڕان و لە هەر ماڵێک چەند ڕۆژێک دەمانەوە و کۆڕی بەزمیان دەڕازاندەوە و شاباش خەڵاتی باشیان دەستاند. باشترین شایەر ئەوانە بوون تەنانەت سنووریشیان دەپەڕاند و گەرمێن و کوێستانیان دەکرد. من بۆخۆم چەند کەس لەو مامۆستا گەورانەم دیبوون و هونەر نواندنی وانم وەبیر دێ. ئەوەی بیانناسم و گوێم لە دەنگیان بووبێ و بە هونەرمەندم زانیبن، ئەوان بوون: مەجید گڕوێ، دەروێش سەرڕاو، هاجیلەی ئیندرقاشی، سەید عەوڵای سەید مینەی، عەزیزە خڕە، حەمەدی ئاغای، وسێن کنیلە، هەباسە خڕە، شەریفی مام سەعیدی و وسێن زارخوار؛ ڕەنگ بێ ئێستاش لەوانە هێندێکیان مابن.
سەرەژنی واش هەبوون کە ل وەختی ئاساییدا بەیت و حەیرانیان و مەجلیسی ژنان دەگوت و لە شینگایان بە ئاهەنگێکی زۆر پڕسۆز بە مردوویان هەڵدەگوت. قەتم دەنگی خۆش و ئاهەنگی پڕسۆز و جۆشی فاتەڕەشی لاچینی و ژنی ئاغای لەبیر ناچێتەوە. زۆر منداڵ بووم کچێک لە دێیەکەی ئێمە جوانمەرگ ببو و ئەو فاتەڕەشە بە دەنگێکی زوڵاڵ و ئاسمانی پێی هەڵدەگوت؛ ئێستاش ئەو بەندەم هەر لە گوێدا دەزرینگێتەوە کە دەیگوت:
«هەی مەکە، ڕۆڵە مەکە بابان وێرانم مەکە، خەڵکی بەتاڵانی دەچوو، مەڕە، بەرانە، بەختەیە، شەکە، ئەمنی ملبەکوێن بەتاڵانم دەچۆوە، گەردنی زەرد و بەژنی باریک و ڕووی بەخاڵ و دوو چاوی دە بەڵکە.»
مەنیج حەیران و زڵخا چوختیش، دوو ژنی بێباک بوون کە دەفیان لێ دەدا و گۆرانیی داوەتیان دەگوت و شایەری شایی بوون و هیچ لە پیاوەکانی ئاوەڵیان نەدەمانەوە؛ بەتایبەتی مەنیج کە خەڵکی سابڵاخ و لە خێزانێکی دەوڵەمەند و بەناوبانگ بوو و بۆ خاتری هونەرەکەی دەستی لە خزمەکانی هەڵگرتبوو.
ئەوانەی تەمەنیان زیاتر بوو و پێش شەڕیان وەبیر دەهات، دەیانگوت: «جا ئێوە چتان دیوە؟ ئەو شەڕ و کوشتارە، ئەو قاتوقڕە، ئەو هەڵات هەڵاتە، شایەر و خۆشخوانی لە موکریان بڕی». ڕاستیشیان دەکرد؛ چونکە چوار ساڵی تەواو لەو مەڵبەندەدا ئاگری شەڕ لە نێوان ڕووسیای تێزاری و عوسمانیدا ئایساوە و گەلی کوردی لێقەوماویش ئاوردووی ئەو ئاگرە ماڵوێرانکەر بووە. خۆالێخۆشبوو میرزا ئەحمەدی ڕەئیس، جارێک بۆی گێڕامەوە و گوتی: «ڕۆژێکی ساردی زستانێ بوو. نوا بەفرێکی ئەستوور باریبوو. سوارێکی زۆری ڕووسان لە میاندواوەوە هات بەرەو سابڵاخ. تورکەکان ڕایان کرد. میرزا فەتاحی قازی تا شەهید کرا لە بەریان دامەزرا و نەیهێشت بێن دە شارەوە و زۆری لێ کوشتن. کە ئەو شەهید کرا کەس خۆی ڕانەگرت. ساڵدات ڕژانە نێو شار. چەند ڕۆژ فەرمانی قەتڵوعامیاندا؛ هەرچی وەبەریان هاتبا بەشیر سەریان دەپەڕاند. پاشان ئەمانیاندا. من چونکە ڕووسیم دەزانی و ناسیاوم هەبوو و هاتوچۆی ڕووسیام کردبوو. لە کوشتن ڕزگاریم هات و حوکمیان لێ کردم کەلاکەکان بنێژم. بە ئەژمار کەلاکی شەش هەزار ژن و پیاو و منداڵم شاردەوە؛ جگە لەوەی وەبن بەفر کەوتبوون و لە کەلێن و قوژبناندا نەدۆزرانەوە و سەگ و گورگ خواردنی.» ئەوە ژمارەی کوژراوەکانی جارێکی؛ زۆر جاری دیکە و زۆر شار ودێیتر قەتڵوعام کراون.
گرانیی پاش شەڕیش یەکجار سەخت و بەسام بووە؛ بەڕاستی پیاو پیاوی خواردووە. لەبرسان مردووی ئەو گرانییە لە حیساب نایە. تا ئەم دواییانەش پیرە پیاوەکانی سابڵاخ دەیانگوت ژمارەی دانیشتوانی شاری مەهاباد ناگەیەنێتەوە ژمارەی دانشتوانی پێش شەڕی یەکەمی شاری سابڵاخ. جا کە وابوو؛ هەقیان بوو ئەوانەی بە ئێمەیان دەگوت: «ئێوە چتان دیوە؟».
پەیدا بوونی گەرامافۆن لە قاوەخانەی شار و دیوەخانی ئاغا، جێی بە خۆشخوانوکان لێژ کرد. گۆشەی مزگەوتی دێ و زەماوەند و شایی دێهات نەبێ،چیان بەدەستەوە نەما. هونەرمەندە گەورەکان لانەواز و بێئەنوا مانەوە؛ چونکە زۆربەیان پشتڕەق و دەستەوەستان بوون، تووشی نەداری و هەژاری و سەرگەردانی و پەرێشانی هاتن. هەر یەکە دەریایەک هونەریان دەگەڵ خۆیان بردە بن گڵ. شاگردە لاوەکان دەستیان لە فێر بوون هەڵگرت. وەدووی کار و کاسبی و ژیان کەوتن.
پاش پەیدابوونی ڕادۆی باتری لە لادێ، فۆلکلۆری ئەدەبی کوردی بەجارێک کەوتە مەترسییەوە. ڕووناکبیرانی کورد هەستیان بەو مەترسییە کرد. لاوانی زانا و وریا، دەستیان بە کار کرد و کەوتنە کۆکردنەوەی بەیت و باوی کوردی. هەرچەند ئیمکانی ئەو کارە لە کوردستانی ئێران زۆر کەمە و جارجاریش دەبێتە هۆی دەردیسەر. بەڵام چەند کەسی خوێندەوار و ڕووناکبیر تا ڕادەیەکی باش لەو کارەدا سەرکەوتن. کاک (عوبەیدوڵڵا ئەیووبیان) کاک قادری فەتاحی قازی کارێکی زۆر بە جێی کردووە و بەسەرهاتی کورتی گەلێک لەشایەر و خۆشخوانەکانی کۆکردۆتەوە و لە سەرەتای بەیتی مێر و وەفادار بە فارسی نووسیویەتی. بەڕاستی خزمەتی ئەو زانایانە زۆر جێگای شانازییە.
لەمێژساڵ بوو بیستبووم زانایەکی ئاڵمانی بەناوی ئۆسکارمان، لە سەرەتای ئەم چەرخەدا هاتۆتە سابڵاخ و هێندێک بەیت و بەندی کوردی بەیارمەتی دوکتۆر جەوادی قازی کە ئەودەمی مەلایەکی لاو بووە کۆکردۆتەوە و بە خەتێکی لاتینی تایبەت چاپی کردوون.
بەداخەوە هەرچەند تێکۆشام ئەو کتێبەم وەگیر نەکەوت؛ دەترسام ئەو ئاواتەی بەرمە بن گڵ. تا لە ساڵی ١٩٧٤دا لە کتێبخانەی دەوڵەمەندی کۆڕی زانیاری کورددا ئەو کتێبەم دۆزییەوە. لەپێشدا بە زەحمەت خەتەکەم بۆ دەخوێندراوە. پاش ئەوەی لێی ڕاهاتم، تەماشام کرد کتێبێکی یەکجار بەنرخ و بێوێنەیە. لەبەر ئەوەی پێشنیارم بە کۆڕی زانیاری کوردی کرد ئەم کتێبە بخاتەوە سەر ڕێنووسی ئێستای کوردی؛ تا هەموو کەس بتوانێ کەڵکی لێ وەربگرێ. کۆڕ پێشنیارکەی قبووڵ کردم و بڕیارم داوە هەموو هێز و توانای خۆم بۆ خزمەتی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی تەرخان بکەم وازم نەهێنا و ئەو ئەرکە دژوارەم وەئەستۆی خۆم گرت. هەرچەند کاری ئەدەبیی دیکەشم هەبوون، وازم لێهێنان و چەند کاری نیوە تەواوم لەولای دانان و خەریکی جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە بووم. پاش ئەوەی ئەم تێکستانە سێچوار جار سەرلەبەر خوێندنەوە، تێگەیشتم کە شێوەی ئەم تێکستانە هەر ئەو شێوەیە کە من بە منداڵی و ساوایی زمانم پێ پشکوتووە و زۆربەیانم زۆر جار گوێ لێبوون و لە سەرانسەری ئەم کتێبە بەنرخەدا تووشی کەم وشەی وا هاتم کە مانای نەزانم. لە کاتی خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی تێکستەکاندا ئەگەر تێگیراوەیەکم دەبوو، دەچوومە کن دۆستێکی زانام و پێکەوە گیروگرفتەکەمان ڕەها دەکرد.تەنیا کۆسپێک کەمێکی خەریک کردم، ئەویش هەڵەنووسی ئۆسکارمان بوو. لەو تێکستانەدا زۆر جار پیتی ش و ژ و س و ز و د و ت و ح و ع تێکەڵ بوون. بیرم کردەوە دەبێ ئەو هەڵانە وەک چۆن نووسراون شکڵنووسی بکەم یا ڕاستیان بکەمەوە؛ پاش ماوەیەکی درێژ هاتمە سەر ئەوە ڕاستیان بکەمەوە و بە چەند دەلیل ئەو کارەم کرد:
١. ئەگەر ڕاستم نەکردبانەوە کەس سوودی لێ وەرنەدەگرتن. مەگەر کەسێک کە زۆرباش کوردیی زانیبا و شارەزای شێوەی موکریانی بووبا.
٢. ئۆسکارمان بۆخۆی چەند تێکستی بە خەتی فارسی چاپ کردوون و لەوانەدا ئەو هەڵانەی وەبەر چاو ناکەون.
٣. پرسم بە دوو مامۆستای شارەزای شێوەی موکریانی کرد، کە هەم لە من بەتەمەنتر بوون و هەم زانا و کارامەتر ئەوانیش قۆڵیان کێشا بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکان.
٤. تێکستی دمدم کە کاک عەزیزی ئێبراهیمی بە ناتەواوی هێناویەتییە سەر ڕێنووسی کوردی بەتەواوی هانی دام کە هەڵەکان ڕاست بکەمەوە؛ چونکە بەداخەوە هینەکەی ئەو سەر لە خوێنەر دەشوێنێ و مەعلووم بوو ئەم ئەمانەتەی ئەو لاوە زۆر بەجێ نەبووە.
٥. کاک (عوبەیدڵڵا ئەیووبیان) کە چەند ساڵ لەمەوبەر بەیتی مەم و زینی لەو کتێبە هێناوەتەدەر و بە فارسیی تەرجەمەی کردووە تووشی ئەم هەڵە نەبووە و هەموو وشکانی ڕاست نووسیون.
٦. من خۆم موکریانیم و تەمەنیشم لە پەنجا ساڵ تێپەڕیوە. ئۆسکارمانیش حەفتا و چەند ساڵ لەوەی پێش لە سابڵاخ بووە و میرزا جەواد و ڕەحمان بەکر ئەم چیرۆکە و بەیت و وردە مەقامانەیان بۆ گوتووە؛ ئەوپەڕی ٢٠ ساڵ پێش زمان پشکووتن و فامکردنەوەی من. هیچ جێی بڕوا نییە بە (٢٠) ساڵ زمانێک ئەوەندە بگۆڕێ. من لە موکریان زۆر پیری کۆنساڵم دیون کە بێگومان تەمەنیان ئەگەر لە ڕەحمان بەکر زیاتر نەبووبێ کەمترنەبووە. من زمانم لە کۆشی نەنکمدا پشکوتووە. نەنکم کچە کرمانجێکی خەڵکی دێی (قەباغکەندی) بوو کە زۆر لە دێی (حاجی حەسەن) نیزیکە؛ ڕەحمان بەکریش خەڵکی حاجی حەسەن بووە. نەنکم ٣٥ ساڵ لەوەی پێش لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا مرد. ڕەنگ بێ تەمەنی زۆر لە ڕەحمان بەکر کەمتر نەبووبێ. من قەت لە نەنکم نەبیست لەباتی (ڕۆژ) بڵێ (ڕۆش)، یان لەباتی (خۆش) بڵێ (خۆژ). کە وابوو ڕەحمان بەکر وشکانی ڕاست گوتوون و ئۆسکارمان بە هەڵەی وەرگرتوون. بەڵام با ئەوە بڵێم خەڵکی لادێی موکریان بەتایبەتی خەڵکی شامات و شاروێران و چۆمی مەجیدخان هەمیشە ح و ع دەگۆڕن. تەنانەت خوێندەوارەکانیشیان لە قسەکردندا ئەو هەڵەیە دەکەن. لەبەر ئەوە کە دڵنیام ڕەحمان بەکریش هەروا بووە، وشەکان چۆن نووسراون شکڵنووسم کردن. تەنانەت پێم سەیرە کە جارجار دروست نووسراون.
ئەم کتێبە بەنرخە بریتییە لە شەش چیرۆک کە هەر یەکیان عینوانی هەیە(خۆڵا لە سوڵتان مەحموودی گەورەترە)، ئەوانیتر عینوانیان و هەروەها ئەم بەیتانەی خوارەوە:
١. دمدم
٢. مەم و خەزاڵ
٣. لاس و خەزاڵ
٤. ناسر و ماڵماڵ
٥. برایمۆک
٦. شێخ فەرخ و خاتوون ئەستێ
٧. مەحمەڵ و برایمی دەشتیان
٨. قۆچ عوسمان
٩. جوڵندی
١٠. خەزێم
١١. کاکەمیر و کاکەشێخ
١٢. لەشکری
١٣. قەر و گوڵەزەر
١٤. بەیتی زەمبیل فرۆش
١٥. بەیتی باپیر ئاغای بابی هەمزاغای مەنگوڕ
١٦. بەیتی عەبدوڕەحمان پشای بەبە
١٧. بەیتی عەلی عاشق
١٨. مەم و زین
١٩. وردە مەقام
ئۆسکارمان سەرەتایەکی درێژی بە زمانی ئاڵمانی بۆ ئەم کتێبە بەنرخە نووسیوە کە بەداخەوە تا ئێستا نەکراوە بە کوردی. سەرەتایەکی کورتیشی هەر بە ئاڵمانی بۆ نووسیوە کە لە لایەن مامۆستا دوکتۆر ناجی عەباس کارای کۆڕی زانیاری کوردەوە کراوەتە کوردی و پاش ئەم سەرەتایە چاپ کراوە. هەروەها سەرەتایەکی کورتیشی بە فارسییەکی زۆر زەق و گران بە ئینشای ناهەمواری دەرباری قاجاری بۆ نووسیوە کە لە خوارەوە دەیکەم بە کوردی.
- پێشەکی «هێمن موکریانی» لەسەر کتێبی «توحفەی موزەفەرییە».